ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، پێشوازی له‌ خاتوو ’’فێدێریكا مۆگێرینی’’ به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وررۆپا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.


دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا خاتوو مۆگێرینی، ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال له‌ گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ به‌غداش پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ حكوومه‌تی عیراق و به‌ڕێزان سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردووه‌. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال، بۆ مۆرالی پێشمه‌رگه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ مۆرالی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش شتێكی گرنگ و زۆر باشه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و جه‌نگی دژی داعش خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ داعش بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی مه‌ترسییه‌ و ده‌بێ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ره‌نگاری ببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كجاری له‌ناو بچێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه ‌شه‌ڕی داعش ته‌نیا به‌ شێوازی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێت شه‌ڕی بیری داعش بكرێت و له‌ ڕووی هزری و په‌روه‌رده‌ییشه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها گرنگیی ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و پشتگیریی مرۆیی و سه‌ربازیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریی كارا و كاریگه‌ری هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ پشتگیری له‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ به‌رزی هه‌ڵسه‌نگێندرا و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی سوپاس و پێزانین بۆ ئه‌و هاوكاری و پشتگیرییه‌، داكۆكی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌ هاوكاریی زیاتر و چه‌كی قورس و ڕاهێنان هه‌یه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بوو، تیشكی خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕ و پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌. لای خۆیه‌ خاتوو مۆگێرینی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌و‌ڵه‌كانیان بۆ هاوكاری و پشتگیریی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێداویستییه‌كانیان، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌ پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌كان كرده‌وه‌ و داوای كرد یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌وڵی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م وڵاتانی ئه‌ورووپا و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئاوڕی جددیتر له‌ كه‌یسی ئاواره‌كان بده‌نه‌ و هاوكاریی زیاتریان پێشكه‌ش بكه‌ن، وه‌ك چۆن حكوومه‌تی عیراقیش ده‌بێ زیاتر به‌هانایانه‌وه بێت.

 

له‌ كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوایین ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ، ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر، تاوتوێ كران.

 

 

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ـی 8ـی 2014 لەڕێی تەلەفۆنەوە فێدێریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد كە سەرپەرشتی و ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات و سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەرۆشیی و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە هەرچی لەدەستیان بێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردستان درێخی ناكەن. وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیان لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوام دان بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە لەڕووی سەربازی و مەدەنییەوە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد و ڕایگەیاند كە بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە كاتە سەختەكاندا دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە. هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكا و فەڕەنسا و ئیتالیا و هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا گوت كە بەرچاومان ڕوونە و كوردستان سەربەرزانە بەرگری لەخۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین و گەلی كوردستان سوپاسی هەر وڵاتێك دەكات یارمەتیی بدات و هاوكاریی وڵاتان هەبێت یان نا كوردستان لەشەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی